په‌نجه‌كانى نه‌وشیروان خه‌باتى هاوڕێكانى ده‌شێوێنێت
|
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، زنجیره وتارێكی له‌ژێر ناوی له‌نێوان مام جه‌لال و مندا له‌سایتی سبه‌ی بلاوكردۆته‌وه، گه‌رچی نوسینه‌كه‌ی به‌قه‌ولى خۆی باس له‌په‌یوه‌ندی و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال ده‌كات
|
|
په‌نجه‌كانى نه‌وشیروان خه‌باتى هاوڕێكانى ده‌شێوێنێت
كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی
kurdistani nwe
چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێز نه‌وشیروان مسته‌فا، زنجیره وتارێكی له‌ژێر ناوی له‌نێوان مام جه‌لال و مندا له‌سایتی سبه‌ی بلاوكردۆته‌وه، گه‌رچی نوسینه‌كه‌ی به‌قه‌ولى خۆی باس له‌په‌یوه‌ندی و كێشه‌كانی له‌گه‌ڵ مام جه‌لال ده‌كات، به‌لام له‌به‌شێكی زۆری گێڕانه‌وه‌كانیدا كۆمه‌ڵێك تۆمه‌ت و قسه‌ی ناڕه‌وای له‌سه‌ر ئێمه‌و مێژوویی تێكۆشانمان له‌ناو یه‌كێتی و سه‌رده‌می به‌رپرسیارێتیم له‌سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، هه‌ڵبه‌ستووه.
ئه‌گه‌ر له‌به‌ر هاوخه‌باته‌كانم و پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كانی كوردستان و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان نه‌بوایه، به‌پێویستم نه‌ده‌زانی وه‌لامی ئه‌و تۆمه‌ت و ناهه‌قیانه بده‌مه‌وه، چونكه خه‌ڵكی كوردستان له‌وه هوشیارترن كه به په‌لاماری ناڕه‌وا چه‌واشه‌بكرێن و خه‌ڵك ده‌زانن كێ خزمه‌تی ئه‌م میلله‌ته‌ی كردووه‌و كێش له‌قۆناغه هه‌ستیارو چاره‌نووسسازه‌كاندا پشتی تێكردوون و جێی هێشتوون، به‌لام هه‌ندێ ناهه‌قی له‌و نوسینه‌ی كاك نه‌وشیرواندا كراوه كه وه‌لامنه‌دانه‌وه‌ی دواجار بۆ مێژوو ده‌بێته چه‌واشه‌كاری و ره‌نگه نه‌وه‌ی نوێی میلله‌ته‌كه‌مان، به‌حوكمی ته‌مه‌ن له‌مڕۆدا، ئاگاداری ورده‌كاریی ئه‌و رووداوانه نه‌بن، بۆیه به‌گرنگم زانی هه‌ندێ له‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی و ناڕه‌وایه‌تییانه‌ی باسیكردوون، راستیانبكه‌مه‌وه.
سه‌رده‌می شه‌ڕی ناوخۆ
پێموایه كاك نه‌وشیروان و هه‌موو ئه‌و هه‌ڤالانه‌ی رۆژێك له‌ڕۆژان پێكه‌وه خه‌باتمان كردبێ ئه‌و شایه‌تییه‌م بۆ ده‌ده‌ن كه هیچ كات خۆم له‌به‌رپرسیارێتی نه‌دزیوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له‌مێژووی یه‌كێتیدا روویداوه به‌و قۆناغانه‌شه‌وه كه من راسته‌وخۆ تیایدا به‌شدارنه‌بووم، له‌دامه‌زراندنی یه‌كێتیه‌وه تا ئه‌وكاته‌ی من چوومه شاخ، یه‌كێتی به‌چه‌ندین قۆناغدا تێپه‌ڕیوه‌و تووشی شه‌ڕی ناوخۆ‌و لێكترازان و شكست و هه‌ستانه‌وه هاتووه. هیچ كه‌س گوێی لێنه‌بووه رۆژێك له‌ڕۆژان باسی ئه‌وه‌م كردبێ ئه‌و بڕیار‌و هه‌لانه‌ی كه ئه‌گه‌ر بڕیاری فه‌ردی كاك نه‌وشیروانیش بووبێت وتبێتم ئه‌وه بڕیاری ئێمه نه‌بووه، (وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ئه‌و ده‌یكات). مێژووی یه‌كێتی شانازییه‌كانی بۆ هه‌موومانه‌و هه‌ڵه‌و كه‌موكورتییه‌كانیشی ده‌بێ هه‌موو لێی به‌رپرسیاربین. ئه‌مه‌م بۆ ئه‌وه‌یه كه بڵێم خۆم نادزمه‌وه له‌به‌رپرسیارێتی شه‌ڕی ناوخۆ كه نه‌وشیروان نوسیویه‌تی (له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌م براده‌ره‌دا یه‌كێتی تووشی شه‌ڕێك بووه له‌گه‌ڵ پارتی به‌هه‌موو زلهێزه‌كانی دونیا ناكوژێته‌وه)، به‌لام هه‌موو ئه‌ندامانی مه‌كته‌بی سیاسی و جه‌نابیشت شایه‌تن كه چه‌ند دژی شه‌ڕی ناوخۆ بووم، هه‌ر بۆنموونه له‌ساڵی 1991و ته‌نها دوای چه‌ند مانگێك له راپه‌ڕین، یه‌كێتی و پارتی له‌ناوچه‌ی دوكان به‌هۆی كێشه‌وه هێزیان له‌سه‌ریه‌ك كۆكردبووه‌وه‌و خه‌ریكبوو ئاگری شه‌ڕی ناوخۆ له‌وێوه ده‌ستپێبكات، هه‌مان رۆژ چوومه لای به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی له‌هاوینه‌هه‌واری سه‌لاحه‌دین و قسه‌م له‌گه‌ڵیان كرد‌و رۆژی دواتر وه‌فدێكیان له‌گه‌ڵم نارد بۆ دوكان ولیژنه‌كه‌مان برده لای جه‌نابی كاك مه‌سعودو كێشه‌كه‌مان چاره‌سه‌ركرد. ئه‌وكاته من نه سه‌رۆكی حكومه‌ت و نه جێگری سكرتێر بووم و ته‌نانه‌ت كێشه‌كه‌ش له‌سنوری مندا رووینه‌دابوو.
ده‌یوت شه‌ڕو نیوه‌شه‌ڕ هه‌ریه‌كه!
دوای هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی ناوخۆ چه‌ندینجار ئێوه گله‌یی ئه‌وه‌تان لێده‌كردم كه به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆ ناكه‌م، ده‌تانووت هه‌ولێر چ قودسیه‌تێكی تێدایه وا كۆسره‌ت ناهێڵێ شه‌ڕی ناوخۆ بچێته هه‌ولێره‌وه. هه‌تانبوو كه ئێستا له‌قیاده‌ی گۆڕانه، وتبووی ئه‌گه‌ر كۆسره‌ت به‌شداری شه‌ڕی ناوخۆ نه‌كات هه‌قه له‌مه‌كته‌بی سیاسی لایبه‌رین!
هه‌ر بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه ده‌یڵێم له‌سه‌ر داوای د.ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی، سه‌رۆكی (INC) كه ئه‌وكاته یه‌كێك له‌ناوبژیوانه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ بوو، كاتێ مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان له‌ئه‌وروپاوه هاتنه‌وه شام و بڕیاربوو كاك مه‌سعود بچێته ئیبراهیم خه‌لیل پێشوازییان لێبكات و پێكه‌وه بێنه‌وه، له‌وكاتانه‌دا كاك نه‌وشیروان چه‌ندینجار ته‌له‌فۆنی بۆ من و بۆ براده‌ران ده‌كرد ده‌یووت شه‌ڕو نیوه شه‌ڕ هه‌ریه‌كه هه‌مووی ته‌واوبكه‌ن. منیش له‌وه‌لامدا پێم ده‌وت قه‌ت شتی واناكه‌م! ئه‌وه ئێوه‌و به‌ڕێز چه‌له‌بی و هه‌موو براده‌ران له‌ژیاندا ماون بۆ شاهێدی.
جا ئێستا خێره وا ئۆباڵی شه‌ڕی ناوخۆ له‌خۆتان دوورده‌خه‌نه‌وه‌و ده‌تانه‌وێ به‌وجۆره مێژوو چه‌واشه‌بكه‌ن؟ له‌خه‌ڵك بزرنابێ كه له‌سه‌رده‌می خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی شاخ و دوای راپه‌ڕینیش چه‌ندین جه‌وله‌ی شه‌ڕی ناوخۆ ئێوه بڕیارتان لێداوه‌و سه‌ركردایه‌تیان كردووه.
هه‌ڵوێستی ئێمه‌ش له‌و رووه‌وه روون بووه، جه‌نابی كاك مه‌سعود بارزانی وه‌ك سه‌رۆكی پارتی دوای چه‌ندین جه‌وله‌ی شه‌ڕی ناوخۆ، له‌دیدارێكی ته‌له‌فزیۆنی و دواتر چه‌ندینجار له‌كۆبوونه‌وه‌كان و لای دۆسته ناوبژیكاره‌كانمان ستایشی رۆڵی منی كردبوو كه دژی شه‌ڕی ناوخۆ بووم و وه‌ك سه‌رۆكی حكومه‌ت رێگه‌م نه‌داوه شه‌ڕ په‌ره‌بسێنێ. وتاره‌كانی ئه‌وكاته‌ی د.ئه‌حمه‌د چه‌له‌بی سه‌رۆكی (INC) به‌ڵگه‌ن له‌سه‌ر رۆڵی ئێمه له‌ڕێگه‌گرتن له‌په‌ره‌سه‌ندنی شه‌ڕی ناوخۆ‌و له‌میدیاكانی ئه‌وكاته‌و ته‌نانه‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ندینجار باسی له‌وه‌كردووه كه به‌نده رۆڵێكی شه‌ره‌فمه‌ندانه‌م گێڕاوه له‌وه‌ی به‌ر به‌شه‌ڕی ناوخۆ بگرین. پێشنیازده‌كه‌م كاك نه‌وشیروان، كه خۆی وا نیشانده‌دات پشت به‌دیكۆمێنت ده‌به‌ستێت، بچێت پرۆتۆكۆڵه‌كانی په‌رله‌مان بخوێنێته‌وه كه كاتی خۆی نه‌ك یه‌كێتی، به‌ڵكو براده‌رانی پارتی چاپیان كردووه، یان ئه‌رشیفی ته‌له‌فزیۆن و رۆژنامه‌كان ببینێ تا راستییه‌كانی بۆ ده‌ركه‌وێت و له‌نوسینه‌وه‌ی مێژووه‌كه‌یدا تووشی هه‌ڵه‌ی وا گه‌وره نه‌بێت.
به‌ئینقیلاب نه‌هاتینه حكومه‌ت
له به‌شێكی تری نوسینه‌كه‌یدا كاك نه‌وشیروان باسی سه‌رۆكایه‌تی ئێمه له‌حكومه‌ت ده‌كات و راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆش توانجی ناڕه‌وا له‌ڕه‌وتی كاره‌كانمان ده‌دا، بۆئه‌مه پێم خۆشه چه‌ند راستییه‌ك باسبكه‌م كه خۆی پێش هه‌ركه‌سێكی تر ده‌یانزانێ.
پاش یه‌كه‌مین هه‌ڵبژاردن بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ساڵی 1992، و پێكهێنانی حكومه‌ت، له‌دابه‌شكردنی پۆسته‌كانی نێوان هه‌ردوو براوه‌ی هه‌ڵبژاردندا پارتی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی به‌ركه‌وت و یه‌كێتی سه‌رۆكی حكومه‌ت. له‌كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی‌دا به‌گشتی داواكرا كاك نه‌وشیروان ببێته سه‌رۆكی حكومه‌ت، وتی نایكه‌م. لێمان پرسی بۆ نایكه‌ی؟ وتی، ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی حكومه‌تی باشه بۆچی مام جه‌لال خۆی نایكات؟ ئه‌وه‌بوو دواتر كاك د.فوئاد مه‌عسوم دیاریكرا، پاش ماوه‌یه‌كی كورت ئه‌وان كه‌وتنه دژایه‌تی كاك د.فوئاد‌و ده‌یانویست له‌ناو حكومه‌ت پایه‌ی لاوازبكه‌ن و له‌ناو خه‌ڵكدا بیشكێنن.
هه‌رگیزیش تالبـی سه‌رۆكایه‌تی حكومه‌ت نه‌بووم و به‌ئینقیلابیش نه‌هاتووم، بۆ مێژوو ده‌یگێڕمه‌وه بیرمه من و كاك شێخ دارۆی ره‌حمه‌تی و كاك سه‌عدی و كاك د.كه‌مال ئیجازه بووین و چووبووین بۆ ئه‌ڵمانیا، مام جه‌لال داوای لێكردین به‌په‌له بگه‌ڕێینه‌وه بۆ كوردستان. گه‌ڕاینه‌وه‌و له‌ماڵی مام جه‌لال كۆبوونه‌وه‌ی سه‌ركردایه‌تی كرا. له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان و هه‌موو براده‌رانی سه‌ركردایه‌تی داوایان لێكردم پۆستی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان وه‌ربگرم، خۆم ره‌ئیم لێی نه‌بوو، وتم نایكه‌م، مام جه‌لال و مه‌كته‌بی سیاسی، به كاك نه‌وشیروانیشه‌وه وتیان ئه‌مه بڕیاری پێشمه‌رگانه‌یه‌و ده‌بآ بیكه‌یت. منیش له‌سه‌ختترین كاتدا ئه‌و ئه‌ركه‌م قبوڵكرد كه هه‌ڵوێستی سیاسی پارتی و یه‌كێتی یه‌ك نه‌بوو، وه‌زیرو وه‌كیل وه‌زیر هه‌ردووكیان خۆیان به وه‌زیر ده‌زانی، سه‌رۆكی حكومه‌ت و جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت وه‌ك یه‌ك بوون. هه‌ر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش بوو مام جه‌لال و كاك نه‌وشیروان داوایان لێكردم ببمه سه‌رۆكی حكومه‌ت، چونكه سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ته‌واوی له‌ده‌ستی پارتیدا بوو حكومه‌تیش وه‌ك یه‌ك بووین. كه سه‌ره‌تا چوومه حكومه‌ت كوردستان له‌به‌رده‌م دوو ئابڵۆقه‌ی ئابوورییدا بوو، ئابڵۆقه‌ی ئابووریی نێوده‌وڵه‌تی له‌سه‌ر عیراق و هی عیراق له‌سه‌ر كوردستان بوو ، گیروگرفتی سنور‌و كێشه‌ی هه‌رێمایه‌تیمان له‌گه‌ڵ دراوسێكان هه‌بوو.
ئه‌ندازیارى تێكه‌ڵكردنى حزبء حكومه‌ت!
ماوه‌یه‌كی كورت دوای ئه‌وه گه‌وره‌ترین گرفت بۆ بازاڕی كوردستان دروستبوو كه رژێمی سه‌دام 25 دیناری كشانده‌وه كه به‌شێكى زۆر له‌م پاره‌یه له‌كوردستان كاری پێده‌كرا، ئێمه له‌م كات و سه‌رده‌مه سه‌خته‌دا حكومه‌تمان وه‌رگرت.
له‌وسه‌رده‌مه‌دا كاریگه‌رى حزب له‌سه‌ر حكومه‌ت ئاشكرا‌و دیاربوو، ئه‌ندازیاری ئه‌م پرۆسه‌ی حكومه‌ت و حزب تێكه‌ڵكردنه هه‌ر خودی كاك نه‌وشیروان بوو. كه وه‌ك جێگری سكرتێری گشتی له‌ساڵی 1993 به‌ڕه‌سمی داوای له‌من ده‌كرد سه‌دان دۆنم زه‌وی له‌سلێمانی تاپۆ بكه‌م به‌ناوی یه‌كێتی نیشتمانیی كوردستانه‌وه. كه یه‌كێ له‌و زه‌وییانه شوێنی ئه‌م ئوتێله‌ی شاری جوانی كاك فاروقی مه‌لا مسته‌فا بوو.
ئه‌وه من بووم داوام ده‌كرد با حزب ده‌ستوه‌رنه‌داته ناو كاروباری حكومه‌ته‌وه، ته‌نانه‌ت چه‌ندینجار بۆ چاره‌سه‌ری ناكۆكی نێوان هه‌ردوو حزب و نێوان حزب و حكومه‌ت، له‌كۆبوونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی پێشنیازم ده‌كرد با مام جه‌لال و كاك مه‌سعود خۆیان یه‌كێكیان حكومه‌ت و یه‌كێكیان په‌رله‌مان وه‌رگرن، تا كه‌س ده‌ست نه‌خاته كاروباری حكومه‌ته‌وه. ته‌نانه‌ت له‌كۆبوونه‌وه‌ی په‌رله‌ماندا، له‌مانگی حوزه‌یرانی ساڵی 1994دا وتارێكم پێشكه‌شكرد كه مام جه‌لال و كاك مه‌سعود ئاماده‌ی په‌رله‌مان بوون، داوامكرد خۆیان بێنه ناو حكومه‌ته‌وه‌و با حزب و حكومه‌ت له‌یه‌ك جیابكه‌ینه‌وه. له‌وێوه ئیشوكاره‌كان جێبه‌جێبكه‌ن نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان، چونكه ئه‌گه‌ر له‌ده‌ره‌وه بریار بده‌ن ئه‌و ده‌وره ناگێڕن. (له‌به‌رگی 11ی ساڵی 1994ی پرۆتۆكۆڵه‌كانی په‌رله‌مان ده‌قی وتاره‌كه‌ی تێدایه)، ئه‌مه‌ی من ده‌یڵێم گێڕانه‌وه‌ی به‌میزاج نییه، با كاك نه‌وشیروان بچێت بیانخوێنێته‌وه.
براده‌رانی مه‌كته‌بی سیاسی، به‌وانه‌ی چوونه‌ته گۆڕانیشه‌وه، ئه‌و راستییانه ده‌زانن كێ دژی جیاكردنه‌وه‌ی حزب له‌حكومه‌ت بوو؟ كێ ده‌یویست هه‌موو بڕیاره‌كانی حكومه‌ت و ته‌نانه‌ت بریار له‌سه‌ردامه‌زراندنی كارمه‌ندێكیش له‌باره‌گای حزب بدرێت. كاك نه‌وشیروان ئه‌وه‌نده زاڵبوونی هه‌یمه‌نه‌ی حزبی به‌سه‌ر حكومه‌ته‌وه لا گرنگ بوو كه ره‌نگه پێویستم به‌هێنانه‌وه‌ی نموونه نه‌بێ. ئه‌م بیره‌وه‌رییانه‌ی خۆی كه بلاویكردوونه‌ته‌وه پڕن له‌نموونه‌ی ده‌ستوه‌ردانی حزب له‌حكومه‌ت.
ئه‌وكات بژێوی خه‌ڵك تا راده‌یه‌كی ترسناك خراپ بوو، مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران به‌ئاسانی دابیننه‌ده‌كرا، حكومه‌ت هیچ ئیمكانیاتێكی نه‌بوو، داهات نه‌بوو، میزانیه نه‌بوو، رۆژانه مه‌ترسی په‌لاماری هێزه‌كانی سه‌دام له‌سه‌رمان بوو، ئاڵوگۆڕی بازاڕ نه‌بوو. كار‌و كه‌سابه‌ت نه‌بوو. خه‌ڵك له‌مه‌ینه‌تیدا ده‌ژیان، دواتر ئاگری شه‌ڕی ناوخۆش هه‌ڵگیرسا، ده‌ستوه‌ردانی ده‌وروبه‌ر له‌ناو هه‌رێم هه‌بوون. تیرۆر په‌یدابوو، ته‌نانه‌ت تیرۆر كاروانی هاتوچۆی خۆشمانی گرته‌وه، باری ئاسایشی ژیانی خه‌ڵك تێكچووبوو. گه‌نجان بۆ ده‌ربازبوون له‌و مه‌ینه‌تیانه زۆریان رێگای هات و نه‌هاتی ده‌ره‌وه‌ى وڵاتیان گرته‌به‌ر. بریا كوردستان به‌و هه‌لومه‌رجه سه‌ختانه‌دا تێنه‌په‌ڕیایه بۆئه‌وه‌ی هیچ گه‌نجێكی كوردستان ناچارنه‌بوایه رووبكاته هه‌نده‌ران. هه‌رچه‌نده بۆ ئه‌وكاته‌ش ئه‌مانه بوونه پشتیوانییه‌كی دارایی بۆ خێزان و كه‌سوكاری خۆیان و رۆڵیان هه‌بوو له‌لایه‌ك له‌ناساندنی كورد‌و كێشه‌كه‌ی به‌جیهان و زۆرێكیش له‌وان توانیان خۆیان دروستبكه‌ن له‌ئه‌وروپاو بوونه خاوه‌ن بڕوانامه‌و شاره‌زایی جۆراوجۆریان په‌یداكردو دواتر گه‌ڕانه‌وه له‌ولاته‌كه‌ی خۆیاندا رۆڵی باشیان بینی له‌گه‌شه‌پێدانی كوردستان. كه‌چی كاك نه‌وشیروان كۆچی گه‌نجیش وه‌ك دیارده‌یه‌كی مه‌وزوعی ئه‌و سه‌رده‌مه ده‌خاته ئه‌ستۆی ئێمه‌وه!!.
پاره‌مان به‌چی داوه؟!
كاك نه‌وشیروان له‌شوێنێكی تری هه‌وڵدانی بۆ چه‌واشه‌كردنی راستییه‌كان تۆمه‌تێكی تری دروستكردووه كه ده‌ڵێ: (له‌سه‌رده‌می حكومه‌ته‌كه‌ی ئه‌م براده‌ره‌دا هه‌موو ماڵ و دارایی حكومه‌ته‌كه به‌فیڕۆ رۆیشت...). پێده‌چێ ئه‌م براده‌ره بیه‌وێ له‌مێژوودا ئه‌وه به هه‌ڵگه‌راوه‌یى تۆماربكات كه خه‌ڵك وابزانێ ئێمه له‌ساڵی 1992وه بودجه‌و میزانیه‌مان له رژێمی به‌غداوه بۆ هاتووه. داهاتی حكومه‌تی هه‌رێم كۆكردنه‌وه‌ی گومرگ بوو له‌خاڵه گومرگییه‌كان و ده‌بوو مووچه‌ی پێشمه‌رگه، فه‌رمانبه‌رانی حكومه‌ت، كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئیداره‌دانی كاری رۆژانه‌ی خه‌ڵك و حكومه‌ت له‌گومرگ دابینبكه‌ین. كاك نه‌وشیروان خۆی ئه‌وه‌نده بێ ئاگا نیشانده‌دات له‌واقعی كوردستان یه‌كێك نه‌زانێ به‌نده‌ری ئوم قه‌سرو قه‌ناتی سوێس به‌ده‌ستی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه بووه‌و رۆژانه ملیۆنان دۆلار داهاتی گومرگه‌كانمان بووه!!. خه‌می گه‌وره‌ی ئێمه ئه‌وه‌بوو داهاتی هه‌موو سنوری حكومه‌تی هه‌رێم به‌شی ئه‌وه‌بكات مووچه‌ی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌ران و كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه‌ی پێبده‌ین. ئه‌وله‌ویه‌تمان دابینكردنی مووچه بووه، ئه‌گه‌ر داهاتێكی زیاتریش هه‌بووبێت به‌چی دراوه؟ دراوه‌ته پێشمه‌رگه‌ی كه‌مئه‌ندام و خه‌ڵكی هه‌ژاری ئه‌م ولاته. كاك نه‌وشیروان هه‌قیه‌تی ئاگای له‌ژیانی خه‌ڵك نه‌بووبێت، چونكه له‌هه‌موو ژیانیدا سه‌ردانی ماڵی چوار شه‌هیدو چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی نه‌كردووه، نه‌چووه‌ته گه‌ڕه‌كێك ماڵی هه‌ژارێك به‌سه‌ربكاته‌وه تا بزانێ خه‌ڵك چۆن ژیاوه؟ وائێستا هاوكاری ماڵه شه‌هیدو پێشمه‌رگه‌یه‌ك به‌تالان و به‌فیڕۆدان ناوده‌بات. ئه‌وه‌ی كاتی خۆی ئێمه كردوومانه چه‌ند گه‌ڕه‌كێك هه‌بوو دورلئه‌من و هه‌ندێ خانووی حكومی كه دوای راپه‌ڕین ماڵه ئاواره‌و پێشمه‌رگه‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان چووبوونه ناوی. ئێمه بڕیارماندا تاپۆی بكه‌ینه ناوی كه‌سوكاری شه‌هیدان و پێشمه‌رگه دێرینه‌كانه‌وه. هیچمان نه‌بوو پاداشتی ئه‌و خه‌ڵكه تێكۆشه‌ره‌ی خۆمانی پێبده‌ینه‌وه، خه‌ڵكێك ئازیزترین كوڕی خۆی كردبوو به‌قوربانی بۆ میلله‌ته‌كه‌ی، ژن و منداڵه‌كانی بێ كه‌س مابوونه‌وه، خانوویه‌كی كۆنی به‌عسمان پێداوه. ئایا به‌مه كارێكی باشمانكردووه یان خراپ؟، به‌قسه‌ى كاك نه‌وشیروان بێت خراپمان كردووه!، ئه‌وكات ئابڵوقه‌ی ئابووری له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان بوو شه‌ڕی ناوخۆ هه‌بوو. چه‌ندساڵێك (سن و كیسه‌ڵه) دای له‌به‌روبوومی كشتوكاڵی، گرانی له‌ناو خه‌ڵك بلاوبووبووه‌وه، ئایا كارێكی خراپمان كرد كه هیچ هۆكارێكی تر نه‌بوو بۆ ژیان؟!، ئێمه بڕیارماندا به‌شێك له‌گه‌نجانی ولاته‌كه دابمه‌زرێنین. پێم سه‌یره كاك نه‌شیروان له‌شوێنێ ره‌خنه له‌حكومه‌ت ده‌گرێت گه‌نجان سه‌ری خۆیان هه‌ڵگرتووه‌و له‌شوێنێكی تر ره‌خنه له‌ئێمه ده‌گرێت كه گه‌نجانمان دامه‌زراندووه.
خه‌ڵك متمانه‌یان به‌حكومه‌ت هه‌بوو
كاك نه‌وشیروان خۆی له‌گێڕانه‌وه‌كه‌یدا نوسیوویه‌تی داهاتی ته‌نها 35% گومرگه‌كانی سنووری سلێمانی بۆ حكومه‌ت بووه. من ده‌پرسم ئایا گومرگه‌كانی ناوچه‌ی سلێمانی چه‌ند بووه تا رێژه‌ی 35%ی به‌شی هه‌موو كاروباری حكومه‌ت و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران بكات و بای ئه‌وه‌شی زیادبووبێت ئێمه ته‌خشان و په‌خشانی پێوه‌بكه‌ین؟ ئه‌گه‌ر حكومه‌ته‌كه‌مان به‌وجۆره بوایه كه ئه‌و ده‌یڵێت ئه‌وه بۆچی خه‌ڵك به‌و په‌رۆشی و دڵسۆزییه‌وه به‌ره‌وپیری ده‌هات، كاك نه‌وشیروان و ئه‌وانه‌ی وه‌كی ئه‌و بیرده‌كه‌نه‌وه باوه‌ڕم وانییه بیریان چووبێته‌وه كاتێ ئێمه ده‌چووینه هه‌ر شار‌و شارۆچكه‌یه‌ك ده‌یان هه‌زار كه‌س ده‌هاتنه سه‌ر شه‌قامه‌كان و جگه له‌خۆشه‌ویستی چاوه‌ڕوانی هیچی تر نه‌بوون له‌ئێمه، چونكه هیچمان نه‌بوو بیانده‌ینێ، به‌لام ئه‌وان متمانه‌یان به‌حكومه‌ته‌كه‌ی خۆیان هه‌بوو ده‌یانزانی به‌چی به‌ده‌ستهاتووه‌و چۆن گه‌یشتۆته ئه‌و رۆژه‌و مانه‌وه‌و پاراستنیشی بۆ میلله‌ته‌كه‌مان چه‌ند گرنگ بوو؟ هه‌قوابوو كاك نه‌وشیروان بۆ نه‌وه‌كانی داهاتوو تۆماری ئه‌و رۆژه سه‌ختانه‌ی بلاوبكردایه‌ته‌وه كه به‌چی مه‌ینه‌تییه‌ك ده‌رگای قوتابخانه‌و خوێندنگه‌كانمان كرده‌وه، چۆن توانیمان زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان دابمه‌زرێنینه‌وه. چۆن له‌كۆلێژێكه‌وه ده‌ستمانپێكردو كردمان به‌زانكۆیه‌ك كه كاك نه‌وشیروان به‌شانازی بزانێ موحازه‌ره‌ی تیابڵێته‌وه. تا وایلێهات كه ئه‌و رۆڵه جوامێرانه‌ی كورد كه به‌هۆی زیندانیكردن و هه‌ڵهاتنیان له‌ده‌ستی به‌عس و به‌هۆی پێشمه‌رگایه‌تییه‌وه له‌خوێندن مه‌حروم بووبوون ئه‌م په‌یمانگه‌و زانكۆیانه بوونه ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی دوای چه‌ندین ساڵ له‌خه‌باتی پێشمه‌رگایه‌تی بگه‌ڕێنه‌وه سه‌ر خوێندنه‌كانیان و زۆربه‌یان زانكۆ‌و په‌یمانگه ته‌واوبكه‌ن، ئه‌مه هه‌قبوو كاك نه‌وشیروان وه‌ك شانازییه‌ك بۆ حوكمڕانی كوردی باسی بكردایه، نه‌ك وه‌ك مه‌حسوبیه‌ت و مه‌نسوبیه‌ت.
بۆ هاتمه سلێمانی؟!
له‌جێگه‌یه‌كی تری نووسینه‌كه‌یدا ده‌ڵێ: (وه‌ختێ حكومه‌تی هه‌رێممان ته‌سلیمی ده‌ستی ئه‌م براده‌ره كرد یه‌كێتی له‌زاخۆوه تا كفری به‌ده‌ستیه‌وه بوو، به‌لام ئێستا ئه‌وه‌تا خۆی و حكومه‌ته‌كه‌ی به‌ئاواره‌یی له‌سلێمانین). كاك نه‌وشیروان ئه‌مه چه‌ندجارێكه ئه‌و قه‌وانه لێده‌داته‌وه‌و مه‌سه‌له‌ی سلێمانیچێتی و ئاواره‌یی ده‌وروژێنێ و كاتی خۆشی ویستی بیكاته مه‌سه‌له‌یه‌كی سیاسی و به‌وهۆیه‌وه ناكۆكی بخاته نێوان خه‌ڵكی سلێمانی و هه‌ولێره‌وه، هه‌رچه‌نده زۆر براده‌ری خه‌ڵكی سلێمانیش له‌م هه‌ڵوێسته‌ی بێتاقه‌ت بوون و ناڕه‌حه‌تن به‌وه‌ی هه‌رجاره‌ی شعوری خه‌ڵكی شارێك بریندارده‌كات به‌ناوی سلێمانییه‌وه. له‌كاتێكدا سلێمانی پێش ئه‌وه‌ی بۆ نه‌وشیروان مسته‌فا جێی شانازی بێت كه خوا وایكردووه له‌وێ گیرسابێته‌وه، جێگه‌ی فه‌خره بۆ ئێمه‌و مانانی تیكۆشه‌رو پێشمه‌رگه، چونكه تیایدا ژیاوین و میوانداری كردووین. دۆست و خۆشه‌ویستمان له‌م شاره هه‌یه‌و ئێمه‌ش خزمه‌تمان كردووه، ته‌نانه‌ت ته‌رمی خۆشه‌ویسته‌كانی خۆشمان له‌م شاره ناشتووه كه ئه‌وه‌نده به‌لامانه‌وه شارێكی خۆشه‌ویسته.
له‌سه‌ر كێشه‌ى كۆمه‌لایه‌تى لێمان نه‌قه‌وماوه
گه‌رچی من وه‌كو كوردستانییه‌ك به‌یه‌ك چاو ده‌ڕوانمه هه‌موو شاره‌كانی كوردستان و هه‌مووی به به‌شێك له‌جه‌رگی خۆم ده‌زانم و شانازیش ده‌كه‌م كه چوارده ساڵی ته‌مه‌نم له‌م شاره بردۆته سه‌ر، به‌لام هۆكار زۆربوون كه وه‌ك نه‌وشیروان ده‌ڵێ خۆم و حكومه‌ته‌كه‌م بێینه سلێمانی. خه‌ڵك ده‌زانن ئێمه له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كى كۆمه‌لایه‌تی لێمان نه‌قه‌وماوه‌و نه‌هاتووینه‌ته سلێمانی، رووداوه‌كانی شه‌ڕی ناوخۆ كه درێژكراوه‌ی ململانێكانی رابردووه ئێمه‌ی گه‌یانده سلێمانی و بریا ئه‌و رووداوه تاڵ و تفتانه‌ی رابردوو نه‌بوایه‌و بۆ خۆشی و سه‌یران روومان بكردایه‌ته ئه‌م شاره. پێموانییه له‌به‌رئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان كه‌وتۆته بلاوكردنه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌وشتانه‌ی خۆی مه‌به‌ستیه‌تی و بلاویانده‌كاته‌وه ئیتر مێژوو چه‌واشه‌بێت. چونكه مێژوو ون نابێ و ئه‌گه‌ر رێككه‌وتنی درۆگیدا به بنبه‌ست نه‌گه‌یشتایه كاره‌ساته‌كان به‌و ئاقاره نه‌ده‌چوون و هێشتا خۆشبه‌ختانه زۆرینه‌ی براده‌ران له‌ژیاندا ماون. ئه‌گه‌ر مه‌سه‌له‌كه پێسپاردن و به‌رپرسیارێتی بێت ئه‌وه له‌ساڵی 1987و له‌شۆڕشدا مام جه‌لال كه سه‌فه‌ری كرد هه‌موو ناوچه رزگاركراوه‌كانی كوردستانی ته‌سلیم به كاك نه‌وشیروان كرد، كه‌چی كاتێ گه‌ڕایه‌وه كاك نه‌وشیروان له‌و هه‌موو ئه‌مانه‌ته ته‌نها قاسمه ره‌شی ته‌سلیم به مام جه‌لال كرده‌وه‌و هه‌موو ناوچه رزگاركراوه‌كانی له‌ده‌ستدا.
كه‌سى نه‌هێشتۆته‌وه كه به‌خراپ باسى نه‌كات
سه‌باره‌ت به‌وه‌ی نوسیویه‌تی (مام جه‌لال ده‌ڵێ كۆسره‌ت كرمانجه، خه‌ڵكی شار نییه. كه به‌له‌هجه‌ی كۆیه ئه‌م وشه‌یه بۆ سوكایه‌تیپێكردنی پایه‌ی كۆمه‌لایه‌تییه). ئه‌گه‌ر نه‌وشیروان ئه‌مه‌ی بۆ ئه‌وه‌بێ به‌وشێوه‌یه نێوانی من و مام جه‌لال تێكبدات، ئه‌وه به‌هه‌ڵه‌دا چووه. ئێوه ئه‌وكاته‌ی له‌ناو یه‌كێتی بوون و به‌پێچ و ده‌ورا هه‌وڵتانده‌دا نێوانی من و مام جه‌لال تێكبده‌ن تا بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆتان و به‌هێزبوونی نفوز‌و ده‌سه‌لاتان به‌كاریبه‌رن، نه‌تانتوانی، چونكه تێگه‌یشتن و لێكدانه‌وه‌ی ئێمه له‌وه گه‌وره‌تربوو كه هه‌ر جیاوازیی و ناكۆكییه‌كیش به‌و ته‌ریقه‌یه‌ی تۆ چاره‌سه‌ربكه‌ین.
ئه‌وه ئێمه نه‌بووین كه له‌هه‌ر سه‌رده‌م و قۆناغێكی تێكۆشاندا كۆمه‌ڵێ تێكۆشه‌ر ببوغزێنین و ململانێمان له‌گه‌ڵ هه‌موویان هه‌بووبێ. ئه‌وه‌ی له‌بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆیدا نوسیویه‌تییه‌وه كه‌سی نه‌هێشتۆته‌وه كه به‌خراپ باسینه‌كات، خێره هه‌موو مه‌كته‌بی سیاسی خراپ بووبن، ته‌نها خۆی نه‌بێ! هیچ نه‌بێ رێزی ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی بگرێ كه ئێستا له‌سه‌ر گرده‌كه‌ن. ئه‌گه‌ر ململانێكان مه‌سه‌له‌ی گه‌نده‌ڵی ئیداریی و ته‌خشان و په‌خشانه، خۆ سه‌رده‌مانی كۆنفرانسه‌كانی كۆمه‌ڵه‌و خه‌باتی شاخ حكومه‌ت و ئیمكانیاتمان نه‌بوو تا گه‌نده‌ڵی تیابكرێت و سه‌روه‌ت و سامان ته‌خشان و په‌خشانی پێوه‌بكرێت، ده‌پرسم: ئه‌ی كێشه‌كان و ناكۆكییه‌كان و تۆمه‌ته‌كانى، ئه‌وكاته له‌سه‌رچی بوو؟!
بێ ئاگایی له‌كۆنگره
كاك نه‌وشیروان هه‌ر له‌شوێنێكی تری نوسینه‌كه‌یدا له‌باره‌ی كۆنگره‌ی دووه‌مه‌وه ده‌ڵێ: (پێوه‌رێك نه‌بوو بۆ ئه‌ندامێتی كۆنگره، مام جه‌لال، كۆسره‌ت، جه‌بار فه‌رمان، ئه‌رسه‌لان، باجیان بۆ حیمایه‌كانی خۆیان دابینكرد به‌شداری ده‌نگدان بن!) ره‌نگه ته‌نها ئه‌م قسه‌یه‌ی كاك نه‌وشیروان خۆی به‌س بێت بۆ وه‌لامدانه‌وه‌ی و به‌خه‌ڵك بڵێیت قسه‌كانی كاك نه‌وشیروان هیچ پێوه‌رێكی نییه، چونكه جگه له كاك نه‌وشیروان هه‌موو یه‌كێتی ده‌زانن كه هه‌ڤاڵی كۆچكردوومان كاك جه‌بار فه‌رمان نه‌خۆش بوو، به‌شداری كۆنگره‌ی دووه‌می یه‌كێتی نه‌كردووه‌و ئه‌وكاته له‌ده‌ره‌وه‌ی ولات بوو. كه‌چی كاك نه‌وشیروان به‌وه تاوانباری ده‌كات باجی بۆ هه‌موو حیمایه‌كانی كردووه‌و به‌شداری ده‌نگدانیان كردووه. ئه‌مه ده‌لیله له‌سه‌رئه‌وه‌ی گێڕانه‌وه‌كانی تریش وه‌ك ئه‌وه‌ی كاك جه‌بار وایه‌و ئه‌وه‌یان چه‌ند جێی باوه‌ڕو راستین، قسه‌كانی تریش هه‌رئه‌وه‌نده راستن.
ئێمه پێمان باش نه‌بووه بێین لاپه‌ڕه‌كانی یه‌كتر هه‌ڵده‌ینه‌وه‌و خیلافه‌كانی ئێستامان ببه‌ستینه‌وه به رابردووه‌وه، ئه‌گینا ئه‌وه‌ی كاك نه‌وشیروان له‌كۆنگره‌ی دووه‌م كردی چ پێوه‌رێكی تیا‌بوو به‌عورفی كام ولات و كۆنگره‌ی كام حزب ئه‌و مۆدێله‌ی داهێنا كه پێش ئه‌وه‌ی په‌یڕه‌و پرۆگرام قسه‌ی له‌سه‌ربكرێت پێش هه‌موو شت و له‌یه‌كه‌م رۆژی كۆنگره‌دا دوای راپۆرتی سیاسی سكرتێری گشتی بڕیاری هه‌ڵبژاردن درا، سه‌ركردایه‌تیمان هه‌ڵبژارد بۆ حزبێك كه هێشتا په‌یڕه‌وو پرۆگرامی بۆ دانه‌نرابوو! ئه‌مه له‌هیچ ولاتێكی دونیادا نه‌بووه‌و كاك نه‌وشیروان ئه‌مه‌ی فه‌رزكرد، بۆیه هه‌ق نییه باسی پێوه‌رو یاسا‌و رێسا بكات!
له ئاوێنه - رگیراوه‌وه