هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه كۆسره‌ت ره‌سوڵ رابكێشین به‌لای ریفۆرمدا
|
محه‌مه‌د تۆفیق: سه‌یر ئه‌وه‌یه من كه سه‌یری ئه‌و گروپانه ده‌كه‌م كه ده‌یانهێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی، من ناوی چوار كه‌سیان نازانم
|
|
"هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه كۆسره‌ت ره‌سوڵ رابكێشین به‌لای ریفۆرمدا"
■ ئا: سیروان غه‌ریب
محمه‌د تۆفیق، كه یه‌كێكه له‌سه‌ركرده دیاره‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان، له‌چاوپێكه‌وتنێكی ئاوێنه‌دا باس له‌ئامانجی یاداشته‌كانی نه‌وشیروان مسته‌فاو ئاماده‌كارییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ده‌كات بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی په‌رله‌مانی عێراق. هه‌روه‌ها تیشك ده‌خاته‌سه‌ر هه‌وڵی گۆڕان بۆ ریفۆرمكردن له‌سیسته‌می حوكمڕانیی سیاسی كوردستاندا.
ئاوێنه: ئاماده‌كارییه‌كانی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بۆ هه‌ڵبژاردنی ئاینده چۆنه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: كۆمه‌ڵێك خه‌ڵكی باشمان پاڵاوتووه‌و هه‌موویان له‌بواره جیاجیاكاندا شاره‌زایی ته‌واویان هه‌یه، زۆربه‌شیان سه‌ربه‌خۆن. ئێمه پێمانوایه په‌رله‌مانی به‌غدا په‌رله‌مانێكی ئه‌كتیڤه، فراكسیۆن‌و گروپی جیاواز جیاوازی زۆری تیادایه، له‌به‌ر ئه‌مه نامانه‌وێت وه‌كو فراكسیۆنی هاوپه‌یمانیی كاربكه‌ین‌و له‌سه‌ر بنه‌مای حیزبایه‌تیی خه‌ڵك دابنێین، بۆیه ئێمه ره‌چاوی ئه‌زموون شاره‌زابوون ده‌كه‌ین.
ئاوێنه: ئایا ئه‌و ده‌نگه‌ی هه‌ڵبژاردنی رابردوو له‌م سنووره‌دا ده‌هێننه‌وه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: به‌ڵێ، چونكه پێمانوایه خه‌ڵك وریاتر بۆته‌وه، پێشتر هه‌ندێك ترس هه‌بوو، به‌ڵام ئێستا ترسه‌كه شكاوه، ئه‌و كارانه‌ی كراویشه به‌رامبه‌ر هه‌ڵسوڕاوه‌كانی گۆڕان، له‌ده‌ركردن‌و موچه‌بڕین، كاریگه‌ریی ئه‌وتۆی نه‌بوو، بۆیه من ده‌ڵێم ده‌نگی باشتر ده‌هێنین.
ئاوێنه: به‌ڵام راگه‌یاندنه‌كانی یه‌كێتی، ئه‌وه‌مان پێ پیشان ئه‌ده‌ن كه شه‌پۆلی كشانه‌وه‌ی خه‌ڵك له‌نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان له‌ئارادایه، كه یه‌كێتییه‌كان به‌هاتنه‌خواره‌وه له‌گرده‌كه پێناسه‌ی ده‌كه‌ن، بۆ ئه‌مه‌یان چی ئه‌ڵێی؟
محه‌مه‌د تۆفیق: سه‌یر ئه‌وه‌یه من كه سه‌یری ئه‌و گروپانه ده‌كه‌م كه ده‌یانهێننه سه‌ر ته‌له‌فزیۆن‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه بۆ نێو ریزه‌كانی یه‌كێتی، من ناوی چوار كه‌سیان نازانم، پێموانییه ئه‌وانه هه‌ڵسوڕاو‌و لایه‌نگری گۆڕان بن، ئه‌وه‌ی یه‌كێتی ده‌یكات، وه‌كو مه‌سره‌حییه‌ك دێته پێش چاوم.
ئاوێنه: پێشبینیی ده‌كه‌یت له‌سلێمانی چه‌ند كورسی ده‌هێنن؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌ر ئه‌وه‌نده ئه‌ڵێم له‌هه‌ڵبژاردنی رابردوو زیاتر ده‌نگ به‌ده‌ست ئه‌هێنین.
ئاوێنه: كه‌ركوك وه‌كو سلێمانی ده‌به‌نه‌وه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: له‌كه‌ركوك ئه‌وانه‌ی لایه‌نگری گۆڕانن، زۆرینه‌ی زۆرن.
ئاوێنه: ده‌نگی لایه‌نگران‌و كادیرانی حیزبه‌كانتان له‌كه‌ركوك بۆ دێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق: به‌ڵێ بێگومان له‌نێو حیزبه جیاوازه‌كاندا لایه‌نگری گۆڕان زۆره.
ئاوێنه: كارتان بۆ شاری دیاله كردووه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: له‌هه‌موو شوێنێك براده‌رانمان كاریان كردووه‌و به‌رده‌وام ده‌بن، هه‌ر له‌دهۆكه‌وه تاوه‌كو موسڵ‌و به‌غدا. له‌شاری به‌غدا وه‌زعمان زۆر باش ده‌بێت.
ئاوێنه: له‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌شێك له‌یاداشته‌كانی كاك نه‌وشیروان مسته‌فا، كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ وه‌ڵامی دایه‌وه‌و هاته سه‌ر خه‌ت‌و ئه‌وه ره‌تده‌كاته‌وه كه حكومه‌ته‌كه‌ی به‌شێك بووبێت له‌شه‌ڕی براكوژی‌و گه‌نده‌ڵیی، ئه‌و تۆمه‌ته‌كان پێچه‌وانه ده‌كاته‌وه‌و به‌شێكی زۆر له قه‌یرانه‌كانی ئه‌وكات ده‌خاته پاڵ كاك نه‌وشیروان؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌موو كه‌سێك كه له‌بواری گشتیدا كاربكات‌و ئه‌توانێت یاداشته‌كانی خۆی بنووسێته‌وه، كاك نه‌وشیروانیش یه‌كێكه له‌وانه‌ی كه به‌دۆكیۆمێنت قسه‌ده‌كات‌و دۆكیۆمێنتی لایه، مافی هاوڵاتییانه بزانن ئه‌وانه‌ی له‌بواری گشتیدا كاریان كردووه، چی‌یان كردووه، له‌هه‌موو دنیاشدا سیاسییه‌كان یاداشته‌كانیان ئاوا ده‌نووسنه‌وه، ئه‌مه پێویست ناكات ته‌شه‌نوج دروستبكات، ئه‌و یاداشتانه‌ی كاك نه‌وشیروان له‌سه‌ر بنه‌مای دۆكیۆمێنت نووسراوه، جا كه‌سێك وه‌ڵامم ده‌داته‌وه‌و هه‌ڵده‌چێت، كه‌یفی خۆیه‌تی.
ئاوێنه: به‌ڵام وه‌ڵامه‌كانی كاك كۆسره‌تیش كۆمه‌ڵێك تۆمه‌تی مێژوویی تیایه بۆ به‌ڕێزتان، كه ده‌ڵێت ئه‌و براده‌رانه‌ی له‌گرده‌كه‌ن، له‌كاتی شه‌ڕی ناوخۆدا داوای ئه‌وه‌یان ده‌كرد له‌به‌رئه‌وه‌ی (كۆسره‌ت ره‌سوڵ) شه‌ڕی ناوخۆ ناكات، ده‌بێت له‌مه‌كته‌بی سیاسی ده‌ربكرێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌رگیز شتی وام نه‌بیستووه‌و روشی نه‌داوه، ئه‌مه كێ وا ئه‌ڵێت؟
ئاوێنه: وه‌ڵامه‌كه‌ی كاك كۆسره‌ت.
محه‌مه‌د تۆفیق: به‌هیچ شێوه‌یه‌ك راست نییه.
ئاوێنه: ئه‌و ده‌ڵێت كاك نه‌وشیروان وتوویه‌تی شه‌ڕو نیوه‌شه‌ڕ وه‌كو یه‌كه، هه‌ولێر چ قودسییه‌تێكی هه‌یه شه‌ڕی تێنه‌كه‌وێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق: خۆی شه‌ڕ له‌هه‌ولێره‌وه ده‌ستیپێكرد، خۆ نه كاك نه‌وشیروان لێره‌بوو، نه مام جه‌لال، به‌بیرمه به‌ته‌مابوون بچن بۆ یابان، تاوه‌كو به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌ی سۆسیال ئینته‌رناسیۆنال بكه‌ن، به‌داخه‌وه شه‌ڕی ناوخۆ ده‌ستیپێكرد.
ئاوێنه: باشه گواستنه‌وه‌ی شه‌ڕی باڵی تاڵه‌بانی‌و باڵی نه‌وشیروان، بۆ شه‌ڕی باڵی كۆسره‌ت‌و نه‌وشیروان بۆ؟ له‌كاتێكدا ئێوه ئه‌تانویست باڵی كۆسره‌ت رابكێشن به‌لای خۆتاندا؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه كۆسره‌ت ره‌سوڵ رابكێشین به‌لای ریفۆرمدا، ئێمه كه له‌ناو یه‌كێتیدا بووین، گروپێك بووین داوای ریفۆرممان ده‌كرد، هه‌ر له‌شاخ هاتینه خواره‌وه، ئه‌م به‌رنامه‌یه‌مان هه‌بوو، ئه‌وكاته به‌ره‌ی كوردستانیی هه‌بوو، هه‌وڵمان ئه‌دا ئه‌و هه‌ڵانه‌ی كه هه‌موو بزوتنه‌وه‌یه‌كی رزگاریخواز له‌كاتی گرتنه‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدا تووشی ده‌بێت، ده‌رسی لێوه‌رگرین، ئێمه به‌ئه‌زموونی وڵاتانی تر ئه‌مانویست تووشی ئه‌و هه‌ڵانه نه‌بین، هه‌وڵماندا واز له عه‌قڵییه‌تی شاخ بهێنین‌و عه‌قڵییه‌تێكی مه‌ده‌نی بگرینه به‌ر، ئێمه هه‌ر له‌كۆنگره‌وه ئه‌و بیروبۆچوونه‌مان هه‌بوو، داوامان ئه‌كرد كه یه‌كێتی بكرێته‌وه‌و شه‌فاف بێت‌و سه‌ركردایه‌تیكردنی به‌كۆمه‌ڵی تیادابێت، ئێمه هه‌رگیز هه‌وڵمان نه‌داوه هیچ باڵ‌و هیچ كه‌سێكی تر به‌لای خۆماندا رابكێشین.
ئاوێنه: به‌ڵام له‌ڕابردوویه‌كی نزیكدا، ئه‌وكاته‌ی كه چوار ئه‌ندام مه‌كته‌بی سیاسییه‌كه‌ی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان ده‌ستیان له‌كار كێشایه‌وه، ئێوه ئه‌تانویست كاریگه‌ریتان له‌سه‌ر كاك كۆسره‌ت هه‌بێت بۆ ده‌ستله‌كاركێشانه‌وه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: نه‌خێر.
ئاوێنه: واته ئێوه هه‌ڵوێستتان له‌سه‌ر كاك كۆسره‌ت روونبووه‌و نه‌تانویستووه ریفۆرمتان له‌گه‌ڵدا بكات؟
محه‌مه‌د تۆفیق: نه‌ك نه‌مانویستووه، هه‌رگیز هه‌وڵمان له‌گه‌ڵیدا نه‌داوه، ئێمه گروپێك بووین ئه‌و ئه‌یتوانی خۆی له‌گه‌ڵماندا بێت یان له‌گه‌ڵماندا نه‌بێت.
ئاوێنه: هێرشكردنه‌سه‌ر كاك كۆسره‌ت ره‌سوڵ، چه‌ند له‌به‌رژه‌وه‌ندیی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕاندایه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌رچییه‌ك ئه‌گوزه‌رێت له‌ناو یه‌كێتی نیشتمانی كوردستاندا، په‌یوه‌ندیی به‌ئێمه‌وه نییه.
ئاوێنه: شه‌ڕی راگه‌یاندنی كاك نه‌وشیروان‌و یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق: ئه‌مه شه‌ڕ نییه، كاك نه‌وشیروان مسته‌فا یاداشتی خۆی ده‌نووسێته‌وه. به‌شێكی زۆری ژیانی له‌ناو یه‌كێتیدا بووه، بێگومان به‌شێكی زۆری یاداشته‌كانی له‌سه‌ر سیاسه‌ته‌كانی یه‌كێتی ده‌بێت، كاك نه‌وشیروان غه‌یری یاداشت نووسین، هیچ شتێكی نییه، ئه‌و شه‌ڕی یه‌كێتی ناكات، یاداشتی خۆی ده‌نووسێته‌وه.
ئاوێنه: له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان په‌یوه‌ندییه‌كانتان له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكادا گه‌شه‌ی كردووه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: به‌به‌رده‌وامیی ئه‌و وڵاتانه‌ی گرنگیی به‌كێشه‌كانی عێراق ده‌ده‌ن‌و كونسوڵگه‌رییان هه‌یه له‌هه‌ولێر په‌یوه‌ندیمان پێوه‌ده‌كه‌ن‌و دێنه لامان. پرسیار ده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت بزانن هه‌ڵوێسته‌كانمان چۆنه.
ئاوێنه: ئێوه چی‌یان پێئه‌ڵێن؟
محه‌مه‌د تۆفیق: هه‌موو پرسیاره‌كانیان به‌كراوه‌یی وه‌ڵام ئه‌ده‌ینه‌وه.
ئاوێنه: كێشه‌ی ده‌ركراوه‌كان گه‌یشتووه‌ته كوێ، ئایا ئه‌و لیژنه‌یه‌ی بارزانی پێكیهێنا، تاچه‌ند كاروباره‌كانی به‌باشیی به‌ڕێوه بردووه؟
محه‌مه‌د تۆفیق: شتێكی ئه‌وتۆو مه‌لموس نه‌كراوه، به‌ڵام هه‌وڵ ئه‌ده‌ن.
ئاوێنه: ئێوه كه‌مترین قسه له‌سه‌ر پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌كه‌ن، ئایا شه‌ڕی ئێوه له‌گه‌ڵ یه‌كێتیدایه یان له‌گه‌ڵ كۆی سیستمی حوكمڕانییه له‌كوردستاندا؟
محه‌مه‌د تۆفیق: حه‌زناكه‌م ناوی بنێن شه‌ڕ، ئێمه ململانێی سیاسی ده‌كه‌ین، ململانێكان نه له‌گه‌ڵ پارتیدایه، نه له‌گه‌ڵ یه‌كێتی، ململانێكه‌ی ئێمه بۆ گۆڕینی شێوه‌ی حوكمڕانیی هه‌رێمی كوردستانه، كارده‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی سیستمی سیاسی كوردستان ریفۆرمی تیادا بكرێت، ئێمه ده‌مانه‌وێت ئه‌و سیستمی حوكمڕانییه‌ی له‌كوردستان هه‌یه، بكرێته سیستمێكی مۆدێرن‌و هه‌وڵی ئێمه‌ش ئه‌وه‌یه به‌رنامه‌كه‌مان له‌ڕێگه‌ی هه‌ڵبژاردن‌و په‌رله‌مانه‌وه جێبه‌جێی بكه‌ین. ئه‌مه شه‌ڕ نییه له‌گه‌ڵ هیچ حیزبێكدا، ئه‌مه هه‌وڵدانێكه بۆ ریفۆرمكردنی سیستمی سیاسی له‌كوردستاندا.
ئاوێنه: بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان به‌ره‌و دامه‌زراندنی حیزب ده‌ڕوات، ئه‌گه‌ر ده‌ڕوات، له‌ڕووی فكره‌وه چۆن حیزبێك ده‌بێت؟
محه‌مه‌د تۆفیق: له‌ڕووی فكره‌وه دیارین، له‌به‌رنامه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان روونمان كرده‌وه، له‌ڕووی هه‌یكه‌لیه‌تی حیزبیشه‌وه هه‌وڵ ئه‌ده‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك سیستمی ستالینیی، كه ئێستا له‌ناو حیزبه كوردییه‌كاندا بووه، به‌باو دووباره‌ی نه‌كه‌ینه‌وه
له ئاوێنه - وه‌رگیراوه